لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان ڕوو دەکەینە خوای گەورە، نوێژی سوننەتی زۆر دەخوێنین، چێژ لە پەرستش دەبەین و قوڕئان بە ڕادەیەکی زۆر دەخوێنینەوە. بۆ چوونە مزگەوت کەمتەرخەمی ناکەین، لە چاونەزەری خۆمان دەپارێزین؛ بەڵام لەگەڵ تەواوی ئەوانە دوای ڕەمەزان ئەو چێژەی کە لە عیبادەت دەمانچێشت، لەدەستی دەدەین و پێداگری لەسەر عیبادەت ناکەین و زۆربەی کاتەکان نوێژی بەیانی بە جەماعەت ناخوێنین. واز لە سوننەت و خوێندنەوەی قوڕئان دێنین، ئایا بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە ڕێکارێک هەیە یا نا؟ 
زانایەکی ئەهلی سوننەت لەو بوارەوە دەڵێ: خوشک و برای دینیم: بۆ بەردەوامی لەسەر کاری چاکە لەدوای ڕەمەزان دە ڕێکار هەیە:
۱- پێش هەموو شتێک بۆ ڕێنمایی و بەردەوامی (ڕاوەستاوی) داوای یارمەتی لە خوای گەورە بکەین، خوای گەورە لە قوڕئانی پیرۆز ستایشی ئەو کەسانە دەکا کە زۆر دەپاڕێنەوە (راسخون)؛ «ربنا لا تزغ قلوبنا بعد اذ هدیتنا وهب لنا من لدنک رحمة إنک أنت الوهاب» [ئالی عیمران:۸]
۲- هاتوچۆی زیاتر لەگەڵ چاکەکاران و ئەوەیکە زیاتر بەشداری کۆڕی پیاوچاکان بکەین و تامەزرۆی کۆبوونەوە گشتییەکانی زیکر و تایبەتییەکانی وەک سەردانی گۆڕستان بین.
۳ـ زیاتر ئاشنا بە ژیاننامەی پیاوچاکان بین و بە خوێندنەوەی کتێب و گوێگرتن بۆ وتارەکان و بەتایبەت ژیاننامەی هاوەڵان، ئیڕادەی خۆمان بەرز بکەینەوە، چونکە ئەوان نەفسیان گوێڕایەڵی هیممەت و ئیڕادە کردبوو.
۴ـ کەڵک لە بەرهەمە دەنگی و ڕەنگییەکانی ئیسلامی وەرگرین، گوێ بۆ وتار و ئامۆژگارییە بەنرخەکان بگرین و بۆ سەردانی خوشکان و برایانی ئیمانیمان بچین.
۵- هۆگربوون بە جێبەجێکردنی فەڕزەکانی دینی وەک خوێندنی پێنج فەڕزەی نوێژ و گرتنەوەی ڕۆژووەکانی خوراوی ڕەمەزان؛ چونکە لە ئەنجامدانی فەڕزەکان خێرێکی زۆری تێدایە.
۶- تامەزرۆبوون لەسەر خوێندنی  سوننەتەکان؛ چونکە خوێندنی نوێژە سوننەتەکان، دڵ خۆش دەکا. پێغەمبەری خوا(دروودی خوای لەسەر بێ) دەفەرموێت: خۆشەویستترین کار لای خوای گەورە، ئەو کارەیە لەسەری بەردەوام بی، هەرچەند کەمیش بێت.
۷- لەبەرکردنی ئایەتەکانی قوڕئانی پیرۆز و بەردەوام خوێندنەوەیان، خوێندنەوە و پڕۆفە و دووپاتکردنەوەی ئایەتەکانی لەبەرکراو لە نوێژە فەڕز و سوننەتەکاندا.
۸- بەردەوامی لەسەر زیکر و ئیستیغفاری زۆر، چونکە زیکرکردن کارێکی ئاسانە و سوودێکی زۆری تێدایە و دەبێتە هۆی پتەوبوونی ئیمان و وزەی دڵ. 
۹- دووری لە هەرشتێکی کە دڵ تووشی گەندەڵی دەکا؛ بۆ نموونە هاوڕێی لاڕێ و خۆپاراستن لە ڕوانینی بەرنامەی ناپەسندی سەتەلایت (نەواری بەدڕەوشتی) و گوێگرتن بۆ گۆرانیی ناڕەوا و نەڕوانین بۆ گۆڤارانەی کە وێنەی ناشیاویان تێدایە.
۱۰. و لە کۆتاییدا برای ڕێزدارم بانگت دەکەم بۆ تەوبەی بەپەلە و کامڵ، تەوبەیەکی یەکجارەکی کە گەڕانەوەی تێدا نەبێ، چونکە خوای گەورە لە کاری بەندەیەکی کە تەوبە دەکا، زۆر شادمان دەبێت.
خوشک و برای بەڕێزم: لەو کەسانە مەبە کە تەنیا لە ڕەمەزاندا خوا دەناسن! کە پێشینیان سەبارەت بەوانە وتوویانە: خرابترین خەڵک ئەو کەسانەن کە تەنیا لە ڕەمەزاندا خوا دەناسن.
هاوڕێی ڕێزدارم بەهیوای دیدار تاکوو ڕەمەزانێکی تر کە بەیارمەتی خوا بە سڵامەتی و ئاسوودەیی و خۆڕاگری لەسەر دینی خوا ژیان بەسەر بەرن.